کەریم گوڵانی و قۆناغی سێیەمی ئەخلاق


لوقمان غەفوور

سەیرە سایکۆلۆژیای ئینسانی کورد چیلێھاتووە! گەنجە توڕەکانی کوردستان ھەموو ئومێدیان لەسەر ڕەخنەیەکی کرچ و کاڵی کەریم گوڵانی ھەڵچنیوە لە حزبەکەی، لەکاتێکدا ئەگەر بەنێو ھەموو حزبی کوردیدا بگەڕێیت ھەزاران کەریم گوڵانی تێدایە.

من لەسەر ئەم حاڵەتە سایکۆلۆژییە کە ٩٠٪ی ئینسانی کورد تێی ئەکەوێت و بریتییە لە قۆناغی سێیەمی ئەخلاق. تێبینی گەورەم ھەیە و دەشێت بەشی زۆرمان بەم قۆناغە ترسناکە تێپەڕبوو بین، یان لەناویدا بین، یان پێی بگەین. ئەمڕۆ کەریم گوڵانی کەوتە ئەو قۆناغەوە، دوور نییە من یان تۆ بکەوینە ئەو قۆناغەوە.

بەپێی کێپلەر-ی زانای سایکۆلۆژی، قۆناغی ئەخلاقی لە مرۆڤدا کردووە بە سێ قۆناغەوە. قۆناغی سێیەمی ئەخلاق لە منداڵدایە. مناڵ سیفەتێکی سەرسوڕھێنەری ھەیە، چی بۆ بکەیت ئاسایی وەریئەگرێت، بەڵام ئەگەر شتێکت بۆ نەکڕی یان ڕۆژێک لەکڕینی یارییەکی مناڵانە یان خواردنێکت بێ بەشت کرد و نەتخستە بەردەستی، ماندەگرێت و دەستدەکات بە کوڕوزانەوە و ئەڵێ:”چیت بۆ کردووم!؟”.

بەڵێ ئەمە قۆناغی سێیەمی ئەخلاقە. ئەم قۆناغە لەنێو ئەو میللەتانەدا ھەن، کە ژیانی ڕۆژانەیان لەسەر حیسابی خەڵکی ترە و بێ ماندوو بوون، پارەی مۆڵ دەچێتە ناو گیرفانیان. بەڵام لەگەڵ پارەی مۆڵ بڕا لەنێو گیرفانیان، ئەکەونە ناو قۆناغی سێیەمی ئەخلاق و بە بارێکی سایکۆلۆژیای خراپدا تێپەڕدەبن.

بەداخەوە بەشی زۆری کادری حزبی یان دەگەن بەم قۆناغە یان پێیدا تێدەپەڕن، یان بۆ ساتێک تێیدەکەون و ڕابردوو لەبیردەکەن. کاتێک مرۆڤ دەکەوێتە ناو ئەم قۆناغە، تەنیا ماددە ئەتوانێت کەسەکە لەم قۆناغە تێپەڕێنێت.

ڕەنگە ئەمە بەشێکی گەورە بێت لە سیفەتی تێکڕای کۆمەڵگەی ڕۆژھەڵاتی و ئاسیایی، چونکە لەم کۆمەڵگایانەدا ھەموو کەس خۆی بە ڕەوا دەزانێت ببێت بە بەشێک لە دەستکەوتنی پارەیەک کە لەسەر بنەمای ماندووبوون نەبێت. خۆ ئەگەر وردتریش بڕوانین بەشی زۆری ئەوانەی کاردەکەن تەنیا کوشتنی کاتەکەیە. ئەگینا بەشی زۆری کۆمەڵگە لەناو بێ بەرھەمی ناو بازنەیەکی داخراودا، دەخولێتەوە.قۆناغی سێیەمی ئەخلاق قۆناغێکی ترسناکە، ئینسان دائەماڵێت لە بیرکردنەوە لە ڕابردوو. لەکوردەواریدا بە (بێ سفەت) ناو دەھێنرێن، ئەگینا لە بنەڕەتدا ئەمە دۆخێکی سایکۆلۆژی بارگرانە بەسەر بەشێک لە ئیندفجوەلی کۆمەڵگەوە. بۆ ئەوەی لەم قۆناغە دوورکەوینەوە ئەبێت ھەمیشە بیر لەبەرخۆری نەکەینەوە و ھەر کارێکیش کەوتە دەستمان زیاتر لەو بەشە ماددیەی چنگمان دەکەوێت، ماندووبوونی زیاتر ببەخشین.

 96 `بینراوه‌

كۆمینت بنوسه‌