“کورد خۆی ئامادە بکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێ”

KGN-news

ئەحمەد حاجی ڕەشید لە لێدوانێکدا دەڵێت: پێویستە کورد هەر لە ئێستاوە خۆی ئامادە بکات بۆ ئەگەری گۆڕدرانی عادل عەبدولمەهدی و مامەڵەکردن لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق.

ئەحمەد حاجی ڕەشید ئەندامی پەڕلەمانى عێراق لە فراكسیۆنی كۆمەڵی ئێسلامی بە ئاژانسی هەواڵی کوردپرێسی ڕاگەیاندووە پێویستە کورد هەر لە ئێستاوە خۆی یەکلا بکاتەوە چوونکە ئەگەر هەیە سەرۆکوەزیرانی ئێستای عێراق لە دەسەڵاتدا نەمێنێت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق گوتیشی مەرج نیە ئەگەر کەسێکی دیکەش بوو بە سەرۆکوەزیرانی عێراق کێشەی لەگەڵ کورد ببێت بەڵام پێویستە کورد هەر لە ئێستاوە خۆی ئامادە بکات بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانێکی نوێ مامەڵە بکات چوونکە ئەگەری کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی عەبدولمەهدی لە ئارادایە.

ئەندامی لیژنەی ئابووری پەرلەمانی عێراق دەشڵێت: ئەگەرچی عادل عەبدولمەهدی دۆستی کوردە و نەرمیی زۆری لەگەڵ کورد نواند و ساڵێک پارەی بۆ هەرێمی کوردستان نارد بەڵام ئەو ڕەخنەیەشی لێدەگیرێت کە ساڵی ڕابردوو ڕێککەوتنی لەگەڵ کورد نەکرد؛

بە ڕای ڕەشید ئەگەرچی نەرمی نواندنەکەی عەبدولمەهدی هەندێک قازانجی بۆ کورد هەبوو بەڵام  بێ زیانیش نەبووە چوونکە ساڵی پار دەبوو ڕێكەوتنی لەگەڵ كورد بكردایە، كە دۆخەكەی لە ئێستا باشتر بوو، بۆیە ئەمە بەزیانی كورد شکاوەتەوە.

كۆمینت بنوسه‌

سه‌ردێر