پەیامێک لە کۆسرەت ڕەسولەوە

KGN – NEWS
كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، پەیامێكی بڵاوكردەوە سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای هەرێمی كوردستان ئەمە دەقی پەیامەکەیە:-
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
جەماوەری بەشەرەف و خۆڕاگری گەلی كوردستان
كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان
پێشمەرگە ئازاو جوامێرەكان
سڵاوێكی گەرم…
لەم ساتەوەختەدا كە من ئەم نامەیەتان ئاڕاستە دەكەم لەسەر تەختی چارەسەركردنم، كە بەهۆی تێكچونی باری تەندروستیمەوە دوچارم هاتووە، بەداخەوە بۆ ماوەیەك لێتان دوركەوتومەتەوە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەمیشە دڵم لەلاتانەو لەگەڵ مەینەتی ژیان و ئێش و ئازارەكانتاندام، هەر لێرەوەش سوپاسی یەكەبەیەكەتان دەكەم، چونكە لە هەواڵپرسی و نواندنی دڵسۆزی خۆتان درێغیتان لە ئاست ئێمەدا نەكردوە، بۆیە لەناخی دڵمەوە هیوای تەمەن درێژی و لەشساغی بۆ هەموتان دەخوازم و خوای گەورە لە هەر دەردو بەڵایەك بتانپارێزێت، هەروەك سوپاسی زۆریشم ئاڕاستەی هەموو ئەو بەڕێزو تێكۆشەرانەش دەكەم كە چ بەناوی كەسایەتی خۆیان یان بەنوێنەرایەتی حزب و رێكخراوەكانیانەوە لە هەواڵ و تەندروستیان پرسیوین.
بەڕێزان لەم چەند رۆژەدا كە گەلەكەمان و بەتایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجەو گەرمیان و پشدەرو بتوێن و ناوچەی كۆیەش لە ئەنجامی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی خەڵك لە ئاست بێ دادی و نەبونی موچەو كەمبونەوەی خزمەتگوزارییەكان هاتۆتە پێش، كە بەداخەوە كاری توندوتیژی و چەندین شەهیدو برینداریشی لێكەوتۆتەوە، من دەمەوێت لێرەدا بەراشكاوی ئەوە رابگەیەنم كە ناڕەزایی دەربڕین و خۆپیشاندانی موچەخۆران و كۆمەڵانی خەڵك بۆ دەستەبەركردنی ماف و ئازادییەكان پێویست و رێزلێگیراوەو مافێكی سەرەتاییشە، بەڵام زۆر پێویستە ئەو جەماوەرە خۆڕاگرە خۆیان لە ئاژاوەگێڕ و دەستی تێكدەرانەی ئەملاو ئەولا بژار بكەن و نەهێڵن كە ئامانجەكانیان بەلاڕێدا ببرێت و زیان بە بارەگاو دامودەزگا حكومی و شوێنە گشتییەكان بگەیەنرێت، چونكە رێگا راستەكە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەربڕینی هێمنانەو مەدەنیانەیە، نەك ئەوەی كە ئێستا دەگوزەرێت.
ئەركی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشە كە بەهاوبەشی و هەماهەنگی دەزگا شەرعییەكانی تری هەرێمی كوردستان رێوشوێنی گونجاوی بێ توندوتیژی بگرنەبەر بۆ ئارامكردنەوەی بارودۆخەكەو كار بۆ دابینكردنی داخوازییە رەواكانی خەڵك بكەن، هەروەها ئەركی دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش و پۆلیسی چالاكییە مەدەنییەكانیشە كە بەشێوەیەكی شارستنیانە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بكەن و سەروماڵی هاووڵاتیانیش بپارێزن، لە هەمانكاتدا پاراستنی دامودەزگاو شوێنە گشتییەكانیش لە ئەستۆ بگرن.
كوردستانیانی ئازیز…
ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی سەخت و دژوار تێدەپەڕێت، لەلایەك ناحەزانی گەلەكەمان بۆ دژایەتی ئەزمونەكەمان هەموو ناكۆكییەكانی خۆیان وەلاناو لە ئاست دژایەتی گەلەكەمان دەنگ و هێزی خۆیان یەكخست، بەڵام جێگای داخە كە هەڵوێستی حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان لە ئاست پێداویستی قۆناغەكەدا نییەو ریزەكانمان پەرتەوازەیە، هەر ئەو ناڕێكییەی خۆمان كاریگەری خراپ لەسەر هەڵوێستی نەرێنی دۆست و هاوپەیمانەكانمان لە ئاست سادەترین مافەكانمان خوڵقاند. بۆیە زۆر پێویستە هێزە سیاسییە كوردستانییەكان هەموو كێشەو ناكۆكییەكانیان وەلابنێن و بەگیانی یەكترقبوڵكردن و لێبوردەیی لە تەك یەكتردا مامەڵە بكەن و كار بۆ یەكڕیزی نیشتمانی و یەكخستنی خیتابێكی سیاسی نیشتمانی بكەن، خۆ ئەگەر وانەكەین بەم شێوازەی ئێستا پەرتەوازەو لێكترازاو بمێنینەوە ئەوا چارەنوسی ئەزمونەكەشمان بە ناڕۆشنی دەمێنێتەوەو بەرەو داهاتویەكی نادیار دەمانبات.
هەر لە دوو توێی ئەو نامەیەداو لە سەروەختی بۆنەكانی سەری ساڵ و لەدایكبونی حەزرەتی مەسیح (ر.خ) پیرۆزبایی گەرم لە تەواوی گەلی كوردستان بەگشتی و خوشك و برا مەسیحی و یەزیدی و شەبەك و كلدان و ئاشووری و سابیئەی مەندائی دەكەم و هیوادارم ساڵی نوێمان ببێتە ساڵی ئاشتی و پێكەوەژیان و بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەكانی گەلەكەمان.
كۆسرەت رەسول عەلی
جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان
بەرلین
24/12/2017

 21 `بینراوه‌

كۆمینت بنوسه‌

Related posts