27 حوزه‌یران، 2022

پارتی و کوردایەتی لە چاوەڕوانی بارزانیدا..

دانا مەنمی


پارتی خۆی بە خاوەنی خەونە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان لەقەڵەم ئەداو بە ناوی بنیاتنانی دەوڵەتی کوردیەوە هەر ڕۆژەو بەبەرگێکەوە خۆی دەگۆڕێت و ژێر خانێکی لەرزۆکی بۆ بنیات ناوین ، ئەم کوردایەتییە موزەیەفەو خەمخۆرییەی پارتی بۆ پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان لەسەر پایەی تێکشکاندنی کەسایەتی مرۆڤ و گەوجاندنی میللەت و فەرهودکردنی سەروەت و سامانی ئەو میللەتە ڕاوەستاوە کارنامەکەی پارتی لە بواری کوردایەتیدا ئەوەیە لە ڕێگەی دروستکردنی ژینگەیەکی پڕ لەترس و تۆقاندن و برسێتی مرۆڤەکان بێدەنگ بن بۆ خۆشیان وڵات فەرهود بکەن و ژێرخان و سەرخانی وڵات تاپۆبکەن، موچە نەدەن، بازاڕ و ژیان پەک بخەن لە پشتی هەموو ئەمانەوە ببنە چاوساغی داگیرکەران !

گوتاری سەرەکی موزەیەفی مەسعود بارزانی و حیزبەکەی ئەوەیە کە ئەزمونەکەمان ساوایە و دوژمنان لەسەر سنوەەکانمانن و مەترسی لەسەر قەوارەکە هەیە ، لەپاڵ ئەم گوتارە موزەیەفانەدا دروشم بانگەشەی کوردایەتی و یەکڕیزی نێوماڵی کوردی بۆ ئەوەیە کە خەڵک بێدەنگ بێت و کەس هیچ نەڵیت!

ئامانجیشیان خۆدزینەوەو هەڵهاتن بووە لە بەرپرسیارەتی سیاسی و ئیداری کە ناتوانن خزمەتی هاوڵاتیان بکەن و ڕێز لە کەرامەتی ئینسانەکان بگرن و حوکمڕانییەتیەکی تەندروست مومارەسە بکەن پێویستە ئەم دروشمە سواوەی مەسعود بارزانی و حیزبەکەی کۆتایی پێ بێت و کوردایەتی ڕاستەقینە بە پارتی سەرۆکەکەی ناکرێت کە سەرتاپای مێژویان تا ئەم ساتەوەختە بێنرخکردنی مرۆڤ و بەها نیشتمانیەکان و هەژارکردنی هاوڵاتیان و گەندەڵستانیان بەرهەم هێناوە .

لەدەرەوەی پارتیش هێزگەلێک هەن هێندە مایەپوچ و گۆشەگیر و پەراوێزخراون بە ناچاری دوای پارتی کەوتوون و شانۆگەرییەکی پوچگەرا دەگێڕن ، ئەم هێزگەلە لەسەر گەورەکردنی مەسعود بارزانی خۆیان بنیات دەنێن و بارزانیشیان لە خۆیان لەو خەڵکە کردووەتە “ گۆدۆو ئیستراغۆن “ ! ئەم هێزگەلە کاتێک لەگەڵ پارتیدا کۆدەبنەوە هیچیان نییە بۆ وتن جگە لە موجامەلەکردن و کاتێکیش لەگەڵ سەرۆکی پارتیدا کۆدەبنەوە دەست و پێ سپین و چاوەڕێی قسە و بەیاننامە و بەڵێن و گوفتاری سەرۆکی پارتین ! ئەم هێزگەلانە هێندە مایەپوچن تەنانەت بارزانیش منەتی پێیان نییە و جگە لە چەنەبازییەكی سۆشیال میدیا هیچی تر نین .

ئەم هێزگەلە بەتاڵ و موفلیسانە هێندە بچوکبونەتەوە تەنانەت ناتوانن مافەکانی خۆشیان لە کابینەکەی برا گەورەدا ! بەدەست بهێنن ! ئەم هێزگەلە لە چەپەوە بۆ ڕاست لە عەلمانییەوە بۆ ئیسلامی توشی نەخۆشی چاوەڕوانی بوون و دەیانەوێت لە چاوەڕوانی سەرۆکی پارتیدا بە بەڵێن و دیدارو بزە و گوفتاری سەرۆکی پارتی بزەو خەندە بکەوێتە سەر لێوەکانیان ، ئەم هێزگەلە نایانەوێت بزانن چاوەڕوانی چین و ئەم چاوەڕوانییە سودو بەرژەوەندی تێدایە بۆ خەڵک یان نەگبەتی و نەهامەتی ؟! چاوەڕوانی ئەم هێزگەلە بۆخۆی لوتکەی پوچگەراییەو لەوە بچوکترن کە خەڵك ئومێدیان لەسەر هەڵبچنێت .

كۆمینت بنوسه‌
WP Twitter Auto Publish Powered By : XYZScripts.com