قوربانیدان لە پێناو بەرژەوەندی میللەت.

رێک یازدە ساڵە، ئێمه لە بچووکەوە بۆ گەورە، لە نزمترین دەسەڵات تاوەکو بەرزترینیان، لە سەرجەم پۆست و سێکترەکان، لە پێناو فەراهەمکردنی ژیانێکی شایستە بۆ میللەت، قووربانی دەدەین. هەمیشە سووربووین لەسەر هەگاونانمان بۆ جێبەجێکردنی دواپڕۆژەی نەوشیروان مستەفا، کە دادپەروەری و خۆشگوزەرانی و چاکسازییە.
لەسەرەتای درووستبوونمان، هەڵسوڕاو و کادیرانمان رووبەڕووی نانبڕین و لێدان و گرتن و راگواستن کرانەوە، بەڵام ئێمە لە پێناو ئامانجەکەمان بەردەوامبووین، دواتر بووین بە دەنگ و رەنگی شەقام و هەڵسوڕامانمان گەورەترین باجیاندا، تا گەیشتە ئەو ئاستەی جەرگی چەندین دایکی گۆڕانخواز بسووتێت، بەڵام ئێمە بە ووزەیەکی زۆرترەوە هەنگاومان نا و بەرەو پێشچووین، دواتر بۆ ژیانێکی شایستەی میللەت بەشداری دەسەڵاتمانکرد و لەوێشەوە رووبەڕووی گەندەڵی و نایەکسانی و جێبەجێنەکردانی دەستوور بووینەوە و سازشمان نەکرد، تا کار گەیشتە ئەو ئاستەی کە سەرۆک پەرلەمان و وەزیرەکانمان نەڕۆنەوە هەولێر و بکشێنەوە لە حکومەت، ئەپرسم ئەمەمان بۆچی کرد؟
دوای کشانەوەمان له حکومەت بووین بە ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز و راستەقینە، مەدەنیانە فشارمان خستە سەر دەسەڵات کە ژیانێکی شایستە بۆ میللەت دابینبکات و لەسەرانسەری کوردستان خۆپیشاندامانکرد و بەردەوام بووین، ئەپرسم ئەمەمان بۆ چیکرد؟
دوای ئەوە لە کابینەی نۆیەم لەپێناو ژیانێکی شایستە و دادپەروەری و سەروەری یاسا و خۆشگووزەرانی، بەشداری حکومەتمان کرد، ئەوەی خاڵەکانی رێککەوتننامەی 18ی شووباتی خوێندبێتەوە، درک بەمە دەکات، بەو بەشداریکردنەشمان چەندین هەڵسوڕاو و بەرپرس و پشتیوان جێیانهێشتێن، بەمەش بۆ جارێکی تر ئێمە بووین بە قوربانی.. ئەی ئەمەمان بۆچیکرد؟

لەکاتێکدا بەرپرسانی یەکێتی و پارتی لە بەغدا شەڕی پۆستیان دەکرد، فراکسیۆنەکەی ئێمە شەڕی دابینکردنی بوودجە و مافی خەڵکی دەکرد و پله و پۆستمان وەلا نا، ئەی ئەمەمان بۆچیکرد؟

ئێستاش سەرۆکی فڕاکسیۆنمان، دەستەبەرداری پۆستی حیزبی و حکومی بووە و ژیانی میللەتی بەلاوە گرینگترە، ئەی ئەمەمان بۆچی کرد،؟

ئەمه جگەلەوەی یازدە ساڵە، هەر لە بچووکترین هەڵسوڕاومان تاوەکو بەرزترینیان، دەیان جار خۆی بێبەریکردووه لە بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی، نەلەهیچ شتێک سڵیکردۆتەوە و نە بە پاره و پۆست هەڵخەڵەتاوە و، تاوەکو ئێستا بەردەوام بووە لە کاروانی گۆڕانخوازان، ئەی ئەمەمان بۆچی کرد؟

ئەوەی بە ویژدانەوە بڕیار بدات، حاڵییە لەوەی کە ئێمە لەپێناو مافی میللەتی کورد، بەهەموو شێوەیەک قوربانیمانداوە و بەردەوام بووین لەسەر بەدی هێنانی خەون و ئامانجەکانمان.

ئەپرسم لە پێناو گۆڕانکاری ڕیشەی و چاکسازی هیچ قووربانییهک ماوە بیدەین؟

هێدی ساڵح

 106 `بینراوه‌

كۆمینت بنوسه‌