زانست له‌م 11 دیارده‌یه‌ تێ ناگات

KGN-زانست و تەکنەلۆژیا

ره‌نگه‌ وا ده‌ربكه‌وێت زانست زۆر پێشكه‌تووه‌ و له‌ هه‌موو دیارده‌كانی گه‌ردوون تێ ده‌گات. به‌ڵام ئه‌و بۆچوونه‌ راست نییه‌. لێره‌دا 11 دیارده‌ی سه‌رنجڕاكێش ده‌خوێنینه‌وه‌ كه‌ زانست هێشتا لێیان تێ ناگات:

1. زانست نازانێت هه‌ندێك گیانه‌وه‌ر له‌ كوێوه‌ دروست بوون. هه‌رچه‌نده‌ زانست به‌هۆی دۆزینه‌وه‌ی ئێسك و پاشماوه‌ی كۆنه‌وه‌ ره‌سه‌نی هه‌ندێك جۆر گیانه‌وه‌ری ده‌ستنیشان كردووه‌، به‌ڵام هه‌ندێكی تر هێشتا نه‌زانراون. بۆ نمونه‌ هێشتا نازانرێت خشۆكه‌كان چۆن دروست بوون چونكه‌ ئه‌و پاشماوانه‌ی دۆزراونه‌ته‌وه‌ قۆناغی به‌ره‌و خشۆكبوون له‌خۆ ناگرن. هه‌روه‌ها پاشماوه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ شیرده‌ره‌كان 65 ملیۆن ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌ركه‌وتوون، به‌ڵام نازانرێت له‌ كوێوه‌.

2. له‌ هه‌موو جیهاندا 70%ی مانگا له‌كاتی خواردن و خواردنه‌وه‌دا روو ده‌كه‌نه‌ باكور و زانست هێشتا هۆكاره‌كه‌ی نازانێت.

3. له‌ مانگی ئابی 1994 له‌ ئۆكڤیل له‌ ویلایه‌تی واشنتۆن بارانێك باری كه‌ بارانه‌كه‌ له‌شێوه‌ی ئاودا نه‌بوو به‌ڵكو له‌ جه‌لاتین ده‌چوو. بۆ رۆژی دواتر نه‌خۆشییه‌كی هاوشێوه‌ی ئه‌نفلۆنزا بڵاو بووه‌وه‌. كاتێك پشكنینی بۆ ئه‌و جه‌لاتینه‌ كرا ده‌ركه‌وت كه‌ دوو جۆر به‌كتریای تێدایه‌ یه‌كێكیان له‌ كۆئه‌ندامی هه‌رسدا هه‌یه‌. هۆكاری ئه‌و جۆره‌ بارانه‌ و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ هێشتا نه‌زانراوه‌.

4. 27%ی گه‌ردون له‌ ماده‌ی تاریك پێكهاتووه‌ كه‌ تیشكی ئه‌لكترۆموگناتیس كاری تێ ناكات و ئه‌وه‌ش واده‌كات نه‌بینرێت. بیردۆزی ماده‌ی تاریك 60 ساڵه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام هێشتا زانست مادده‌ی تاریك ناناسێت.

5. هێشتا زانست به‌ته‌واوه‌تی نازانێت كۆمه‌ڵه‌ی خۆر چه‌ند هه‌ساره‌ له‌خۆ ده‌گرێت. دوای ده‌ركردنی پلوتۆ وه‌كو هه‌ساره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خۆر ئێستا باس له‌ بوونی هه‌شت هه‌ساره‌ ده‌كرێت، به‌ڵام هه‌زاران ته‌نی تری گه‌وره‌تر له‌ پلوتۆ هه‌ن كه‌ دیاری نه‌كراوه‌ ئایا هه‌ساره‌ی كۆمه‌ڵه‌ی خۆرن یان نا.

6. هێشتا به‌ته‌واوه‌تی نازانرێت بۆچی مرۆڤ ده‌بێته‌ راسته‌ یان چه‌په‌ و لایه‌كی له‌شی له‌ لایه‌كه‌ی تری زیاتر په‌سه‌ند ده‌كات. هه‌ندێكجار بۆماوه‌ هۆكاره‌ به‌ڵام ژینگه‌ش هۆكاره‌ بۆ نمونه‌ ئه‌گه‌ر مناڵ هان بدرێت ببێت به‌ راسته‌ ده‌بێت به‌ راسته‌.

7. زانست نازانێت بۆچی گیانه‌وه‌ره‌ زه‌به‌لاحه‌كان له‌ نزیكه‌ی 10 هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ردا له‌ناوچوون. یه‌كێك له‌ بیردۆزه‌كان ده‌ڵێت گۆڕانی كه‌شوهه‌وا هۆكاری له‌ناوچوونی ئه‌م گیانه‌وه‌ره‌ زه‌به‌لاحانه‌ بووه‌، به‌ڵام هه‌ندێكی تر ده‌ڵێت به‌هۆی نه‌مانی خۆراكه‌وه‌ بووه‌. به‌ڵام هه‌ندێك پاشماوه‌ی ماموته‌كان له‌ ئالاسكا دۆزراونه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌ریده‌خه‌ن ژماره‌یه‌كی زۆر ماموت به‌ گه‌ده‌ی پڕ له‌ گیاوه‌ مردوون.

8. زانست نازانێت مرۆڤ بۆچی خه‌و ده‌بینێت. هه‌ندێك ده‌ڵێن خه‌و چه‌ند وێنه‌ و شه‌پۆلێكی هه‌ڕه‌مه‌كیی مێشكه‌ و هه‌ندێكی تر به‌ نیشانه‌ی خواست و كێشه‌ شاراوه‌ و ئه‌زموونه‌كانی مرۆڤیان ده‌زانێت. 

9. له‌ ساڵی 2006دا زانایان له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ئه‌ستێره‌ گه‌نجه‌كان گوێیان له‌ ده‌نگی نه‌ڕه‌ ئاسا بوو كه‌ ئێستا ناو نراوه‌ نه‌ڕه‌ی بۆشایی ئاسمان. هه‌رچه‌نده‌ ده‌نگ ناتوانێت به‌ بۆشایی ئاسماندا تێپه‌ڕیت به‌ڵام شه‌پۆلی رادیۆیی تێپه‌ڕ ده‌بێت، ئه‌مه‌ش واده‌كات زانایان پێیان وابێت ئه‌و ده‌نگانه‌ ئاسایی نه‌بن به‌ڵام له‌ هۆكاره‌كه‌ی تێ ناگات.

10. زانست نازانێت بۆچی گروپی خوێنی جیاواز هه‌ن. هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن جۆری خوێن به‌رگریی له‌ش به‌رامبه‌ر نه‌خۆشی دیاری ده‌كه‌ن بۆ نمونه‌ كه‌سانی هه‌ڵگری جۆری خوێنی B به‌رامبه‌ر به‌كتریای E coli به‌هێزن، ئه‌وانه‌ش كه‌ خوێنیان له‌ جۆری Oیه‌ كه‌متر به‌هۆی مه‌لاریاوه‌ ده‌مرن.

11. پشیله‌ ده‌نگێكی نزمی وه‌كو مرخه‌ی هه‌یه‌ كه‌ زانست لێی تێ ناگات. له‌كاتی ئه‌و ده‌نگه‌دا لێدانی دڵی پشیله‌كه‌ش نامێنێت. ده‌نگه‌كه‌ ئازار كه‌م ده‌كاته‌وه‌ و چاكبوونه‌وه‌ خێرا ده‌كات له‌به‌رئه‌وه‌شه‌ كه‌ پشیله‌ له‌كاتی ترس یان ئازار پێگه‌یشتندا ئه‌و ده‌نگه‌ دروست ده‌كات.

كۆمینت بنوسه‌

سه‌ردێر