جیھان لەكێبڕكێی بەرهەمهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنادا

ساڵح میراودەلی

لە مانگی یەكی ئەمساڵەوە، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆڕۆنا (كۆڤید ١٩ )، تا ئێستا ١٧٠ سەد و حەفتا ڤاكسین بەربژێركراون بۆ چارەسەری ڤایرۆسەكە، پانزە لەو ڤاكسینانە پێشتر چوونەتە قۆناغەكانی تاقیكردنەوە لەسەر مرۆڤ.

زانایانی زانكۆی ئۆكسفۆرد لەبەریتانیا گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی، توانیویانە ڕیزی پێشەوەی پێشبڕكێكە بگرن، ئەویش بەدۆزینەوەی ڤاكسینێك، كە دوو ئەوەندە بەرگری لەش بەھێز دەكات لە بەرانبەر ڤایرۆسەكەدا.

ڤاكسینەكەی ئۆكسفۆرد قۆناغەكانی تاقیكردنەوەی تێپەڕاندووە، ئەنجامی گشتی تاقیكردنەوەكانی ئۆكسفۆرد، كە لە (٢٠-٠٧-٢٠٢٠)دا بڵاوكراونەوە، ڤاكسینەكەیان لەسەر (١٠٧٧) كەسی پێگەیشتووی بەریتانی تاقیكردۆتەوە، ڤاكسینەكە توانیویەتی بەرگری لەش زۆر بەھێز و چالاك بكات، لەھەمان كاتیشدا خڕۆكە سپیەكان كاردانەوە بەرامبەر ڤایرۆسەكە دروستبكەن.(T cell)

ھاوشانی ڤاكسینەكەی ئۆكسفۆرد، بەھەمان شێوە ڤاكسینەكەی ئەڵمانیاش سەركەوتنی بەدەستھێناوە لەسەرجەم قۆناغەكانی تاقیكردنەوە تا كۆتایی، بەپێی لێدوانێكی بەرپرسێكی باڵای بەریتانی لەبواری ڤاكسینەكاندا بەناوی (كەیت بینگھام) لە ئەمساڵدا بەپلەی یەكەم ڤاكسینەكەی بەریتانیا و ئەڵمانیا ئامادەدەبن بۆ بەكارھێنان و ھەردووكیشیان لە ڕێكخراوی تەندروستی جیھانی (WHO) تۆمار دەكرێن، لە ئێستاشەوە ڤاكسینەكەی ئۆكسفۆرد، تا ئێستا گرێبەستی فرۆشتنی (٣٤٠) ملیۆن ڤاكسینی لەگەڵ كۆمپانیاكانی بەلجیكا و ئەمریكا و ھەندێك كۆمپانیای ناوخۆی بەریتانیا واژۆكردووە، كۆمپانیا ئەڵمانیەكەش گرێبەستێكی بۆ فرۆشتنی ڤاكسینەكە لەگەڵ ئەمریكادا واژۆكردووە بەبڕی ( ١،٩٥) یەك ملیار و نۆسەد و پەنجا ملیۆن دۆلار، بەو مەرجەی ڤاكسینەكە سەركەوتووبێت.

لەچەند ڕۆژی ڕابردووشدا، ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆكی ڕوسیا ڕایگەیاند، كە ڕوسیا یەكەم ڤاكسینی كۆڕۆنای دۆزیوەتەوە، ناویشی لێناوە .( sputnik V )

دوای ئەو ڕاگەیاندنە، زانایانی پزیشكی ڕوسیا و جیھان قسەیان لەسەر كرد و پێیان وابوو، بەو خێراییە بێ تێپەڕاندنی قۆناغەكانی تاقیكردنەوە ڤاكسینەكە جێگەی باوەڕی زانایانی بواری دەرمانسازی نییە.

ڕێكخراوی تەندروستی جیھانیش (WHO) بەفەرمی سەبارەت بە ڤاكسینەكەی ڕوسیا لێدوانی دا و وتی: بەپێی ئەو دۆكۆمێنتانەی لەبەردەستی ئێمەن سەبارەت بەڤاكسینەكە، تا ئێستا لە قۆناغی یەكەمدایە و زۆریش لەدوای دەرمان و چارەسەری دیكەی كۆڕۆنایە، كە پێشتر بەكارھێنراون.

ھەر ئەمساڵ و لە ١٧ی حوزەیراندا، كۆمپانیایەكی بواری دەرمانسازی (CNBG) لەوڵاتی چین ڕایگەیاند، ئەنجامێكی باشیان بەدەستھێناوە لەبواری ڤاكسینەكەدا، بە ڕێژەی لەسەدا سەد كاردانەوەی ھەبووە بەرامبەر ڤایرۆسەكە، ئەویش بە بەھێزكردنی بەرگری لەش، لەئێستادا لەنێو بەربژێرەكاندا كەوتۆتە پێش دەیان بەربژێری دیكەی بواری دۆزینەوەی ڤاكسینەكە لەجیھاندا.

سەرچاوە: تەلەگرافی بەریتانی

 86 `بینراوه‌

كۆمینت بنوسه‌