“بەشداری حکومەت ناکا وەک ئۆپۆزیسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان بەشدار دەبێت”

KGN – NEWS

ئەنجومەنی باڵا بڕیاریدا کە نەوەی نوێ وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی چالاک لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەشداربێت. لەم بارەیەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە ئەمەش دەقی ڕاگەیاندراوەکەیە: 

ئەمڕۆ ٣١/١٠/٢٠١٨ ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا بە بێ بەشداری سەرۆکی جوڵانەوەکە.

  تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە دواهەڵوێستی نەوەی نوێ سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پارلەمانی کوردستان و شێوازی خەباتی پارلەمانی جوڵانەوەکە، هەروەها دیدی نەوەی نوێ سەبارەت بە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و گفتوگۆ سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی عێراق و هەڵوێستی نەوەی نوێ.

لە تەوەری یەکەمی گفتوگۆکاندا ئەنجومەنی باڵا تەئکیدی کردەوە کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە دەنگی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی هەرێم ناکات و پارتی و یەکێتی جارێکی تر بە شێوازی سیستماتیک ئەنجامەکانیان لە بەرژەوەندی خۆیان تەزویر کرد.

بەمەش بۆ جارێکی تر خەباتی پارلەمانیان لە کوردستان لەکەدار کرد. لەگەڵ ئەوەی سەرنج و ڕەخنەی جدیمان لەسەر هەڵبژاردنەکان و ئەنجامەکانی هەیە، بەڵام ئەنجومەنی باڵا لەسەر بنەمای ئەو ڕاوێژ و ڕاپرسیانەی لەناو خۆبەخشانی نەوەی نوێ کراون و هەروەها سەرنج و پێشنیاری دیپلۆمات و کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی  لەگەڵ بە هەند وەرگرتنی پێشنیاری خەلکانی تری دەرەوەی جوڵانەوەکە، ئەنجومەنی باڵا بریاریدا کە فراکسیۆنی نەوەی نوێ وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی چالاک لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەشداربێت.

سەبارەت بە بەشداری کردن لە حکومەتی ئایندەی کوردستان، ئەنجومەنی باڵا تەئکیدی کردەوە کە وەک چۆن لە کاتی بانگەشەدا بەڵێنمان بە دەنگدەران دا کە یان دەچینە لوتکەی دەسەڵات یان ئۆپۆزسیۆن، ئەوا تەئکید کرایەوە کە بە هیچ شێوەیەک نەوەی نوێ بەشداری حکومەتێک ناکات کە یەکێتی و پارتی سەرکردایەتی بکەن و ئەو بابەتە قابیلی موناقەشە نییە لای جوڵانەوەکە.

هاوتەریب لەگەڵ خەباتی ئۆپۆزسیۆن بوون لە پارلەمانی کوردستان، لە پارلەمانی بەغداد فراکسیۆنی نەوەی نوێ وەک هێزێکی ئۆپۆزسیۆنی چالاک دەمێنێتەوە و لەسەر بنەمای بەرنامەی سیاسی جوڵانەوەکە کاردەکات کە چوارساڵی داهاتوو کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد لە کێشەی پارە و دەستکەوت ئیمتیازاتی حیزبی و بنەماڵەییەوە بگۆڕێت بۆ کێشەی راستەقینە و دەستوری و هەوڵ بدرێت ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن.

كۆمینت بنوسه‌

سه‌ردێر