“بارزانی پێی وتین نیازی گێرانەوەی پێشمەرگەمان نییە بۆ كەركوك”

KGN – NEWS

سەرۆكی بەرەی توركمانی دەڵێت، لە دیدارەكەیدا لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی، لە بەغدا پرسی كەركوكیان تاوتوێ كردووە و بارزانی دڵنیای كردۆتەوە كە نیازی گێڕانەوەی پێشمەرگەیان بۆ ئەو شارە نییە.
رۆژی هەینی لە میانی سەردانەكەیدا بۆ بەغدا مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی، كۆبۆوە.  دوای كۆبوونەوەكەش كە دوور لە چاوی كامێراكان ئەنجام درا، ساڵحی بە ئاژانسی ئانادۆڵی توركی راگەیاندوە: كە لە كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ بارزانی تاوتوێی رەوشی ئەمنی، ئیداری و داهاتووی كەركووكیان كردووە. 
ساڵحی لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركووك دەكەن كە دوای ئەوەی لە تشرینی یەكەمی ٢٠١٧ شارەكە لەلایەن حكوومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە كۆنتڕۆڵ كرایەوە، پێشمەرگە شارەكەی جێهێشت، وتی: “بارزانی پێی راگەیاندین كە نیازی گێڕانەوەی پێشمەرگەیان بۆ كەركووك نییە لە ئیستادا . سالحی دەلێت ئەمەش بووە جێی دڵخۆشی ئێمە”. 
لەبارەی میكانیزمی ئەمنی كەركووكیش ساڵحی وتی: “جەختمان لەوە كردەوە كە ئەمنیەتی كەركووك لەلایەن ئەو هێزەوە بپارێزرێت كە لە هەموو پێكهاتەكان دروست كراوە. خۆی ئەمە پڕۆژەی ئێمە بوو”. 
سەرۆكی بەرەی توركمانی عێراقی، ئەرشەد ساڵحی تیشكیشی خستە سەر ئەوەی كە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەیان لەگەڵ سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەسعود بارزانی پەیكەرەی ئیداری خۆجێیی كەركووك بووە و بارزانی پێی راگەیاندووە كە گرنگە شارەكە لەلایەن هەموو پێكهاتەكانەوە بەڕێوە ببرێت نەك تەنها لەلایەن لایەنێك و یان حزبێكی تایبەت و وتی: “بەڕێوەبردنی كەركووك لەلایەن هەموو كەركووكییەكان و ئیدارەدانی بە هاوبەشی خواستی ئێمەیشە”.  

كۆمینت بنوسه‌

سه‌ردێر