“ئه‌گه‌ر شه‌راکه‌تی ڕاسته‌قینه‌ نه‌بێت نه‌ پارتی و نه‌ یه‌کێتی حوکمڕانیی کوردستانیان پێناکرێت”

KGN – NEWS

بێگه‌رد تاڵه‌بانی ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تیی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان  “واقعی هه‌رێمی کوردستان به‌ جۆرێکه‌ که‌ نه‌ یه‌کێتی ده‌توانێت به‌ ته‌نها حوکمڕانیی ئه‌م کوردستانه‌ بکات نه‌ پارتییش ده‌توانێت -ئه‌گه‌ر شه‌راکه‌تێکی ڕاسته‌قینه‌ نه‌بێت- حوکمڕانیی کوردستان بکات.”
 

 بێگه‌رد تاڵه‌بانی گفتوگۆی نێوان پارتی و یه‌کێتی بۆ پێکهێنانی حکوومه‌تی ئاینده‌ی هه‌رێمی کوردستان به‌ ئاژانسی کوردپرێسی ڕاگه‌یاندووە: گفتوگۆی نێوان پارتی وه‌کو براوه‌ی یه‌که‌می هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ڕۆژی شه‌ممه‌ 17ی تشرینی دووهه‌می 2018 ده‌ستی پێکردوووه‌ و له‌ ڕۆژانی داهاتووشدا گفتوگۆکان به‌رده‌وام ده‌بێت.

ناوبراو له‌باره‌ی ئیستیحقاقی یه‌کێتی و ئه‌و پۆست و وه‌زاره‌تانەی داوا ده‌کات  گوتی: یه‌کێتی وه‌کوو براوه‌ی دووهه‌می هه‌ڵبژاردن قسه‌ی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک پۆست کردوووه‌ به‌ڵام پێش پۆست یه‌کێتی به‌رنامه‌یێکی کاری بۆ حوکمڕانیی کوردستان ئاماده‌ کردوووه‌ که‌ ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ پلانی یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆیه‌ وه‌کوو ئیستیحقاقی ئینتیخابی باس له‌ پۆستی سه‌رۆکی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆک وه‌زیران ده‌کرێت و له‌ وه‌زاره‌تخانه‌کان و پۆسته‌ سیادییه‌کانیش به‌ گوێره‌ی ئیستیحقاق به‌ مافی خۆیانی ده‌زانن.

پاش هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان و ڕاگه‌یاندنی ئه‌نجامی کۆتایی پارتی به‌ 45 کورسی له‌ کۆی 111 کورسیی په‌رله‌مان وه‌کوو حیزبی یه‌که‌م ده‌رکه‌وت و ده‌نگۆی ئه‌وه‌ بڵاو بوویه‌وه‌ که‌ جێگری سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێم بۆ دوو جێگر زیاد بکرێت ئه‌وه‌ش کۆمه‌ڵێک ناکۆکیی له‌ نێوان یه‌کێتی و پارتی دروست کردوووه‌ که‌ بێگه‌رد تاڵه‌بانی له‌وباره‌یه‌وه‌ دەڵێت: ئه‌وانه‌ ته‌نها کۆمه‌ڵێک ده‌نگۆن و تاکوو ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان نه‌ کۆبوونه‌وه‌ی فه‌رمیی له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ئه‌نجام داوه‌ و نه‌ داوایێکی فه‌رمیشی له‌و بابه‌ته‌ داوه‌ به‌ یه‌کێتی.

له‌لایێکی دیکه‌شه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح وه‌کوو سه‌رۆک کۆماری عێراق هه‌ڵبژێردرا پارتی ڕای‌گه‌یاند چیتر وه‌کوو جاران له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راکه‌ت ته‌عامول له‌گه‌ڵ یه‌کێتی ناکات به‌ڵکوو به‌پێی ئیستیحقاقی ئینتیخابی له‌ پێکهێنانی حکوومه‌تدا مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کات. لەو بارەیەوەش ناوبراو دەڵێت : هه‌موومان ده‌زانین واقعی هه‌رێمی کوردستان به‌ جۆرێکه‌ که‌ نه‌ یه‌کێتی ده‌توانێت به‌ ته‌نها حوکمڕانیی ئه‌م کوردستانه‌ بکات نه‌ پارتییش ده‌توانێت -ئه‌گه‌ر شه‌راکه‌تێکی ڕاسته‌قینه‌ نه‌بێت- حوکمڕانیی کوردستان بکات بۆیه‌ من پێموایه‌ ئه‌مانه‌ هه‌مووی ده‌نگۆن و تا ئه‌و کاته‌ی بابه‌تێکی فه‌رمی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌رنه‌چێت جێگای متمانه‌ نییه‌.

بێگه‌رد تاڵه‌بانی  له‌باره‌ی پۆسته‌ وه‌زارییه‌که‌ی یه‌کێتییه‌وه‌ که‌ باسی لێکراوه‌ له‌ به‌غدا وه‌زاره‌تی دادی عێراق به‌ خالید شوانی کاندیدی یه‌کێتی بدرێت ڕای‌گه‌یاند ئه‌و بابه‌ته‌ تا ئێستا یه‌کلایی نه‌بۆته‌وه‌ و یه‌کێتیی نیشتیمانیی کوردستان چ حیزب و چ فراکسیۆنه‌که‌ش سه‌رقاڵی گفتوگۆ و لێکگه‌یشتنه‌ له‌گه‌ڵ دیکه‌ی لایه‌نه‌کان بۆ یه‌کلایی کردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌.

كۆمینت بنوسه‌

سه‌ردێر